سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و باری تەندروستییانەوە ناتوانن وەک پێویست قسە و کردارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، و جەخت لە پاراستنی شکۆیان دەکاتەوە
ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەیەکە هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە دەکەن کە باری تەندروستییان جێگیر نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە کاردانەوەی نەرێنی لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا دروستکردووە و بووەتە هۆی شکاندنی شکۆی ئەو هونەرمەندانە، کە ئەمەش نیگەرانییەکی قوڵی لای سەندیکاکە و خودی هونەرمەندان دروستکردووە
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەگەرچی ئامانجی هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان ڕاکێشانی سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خزمەتکردن بێت بەو هونەرمەندانە، بەڵام دەرەنجامەکەی پێچەوانە بووەتەوە. سەندیکاکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە وەک وەفایەک بۆ تەمەنی پڕ بەخششیان، ڕێز لەو هونەرمەندانە بگیرێت و لەبەردەم کامێرادا پارێزگاری لە شکۆ و کەسایەتییان بکرێت.
251 جار خوێندراوەتەوە