قاسم عەبوودی،
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی
پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند؛ دەستووری عێراق ڕێگە بە بوونی هیچ گرووپێکی چەکدار
نادات کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دیکە دروست بکات، جەختیشیکردەوە حکومەت
بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە.
نووسینگەی
ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ
پێنجشەممە، قاسم عەبوودی پێشوازی لە محەمەد باقر قالیباف کردووە کە لە ئێستادا بە
سەردانێک لە عێراقە. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پتەوکردنی
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پرسی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و
تاران تاوتوێ کران.
عەبوودی لە
دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی
نێوان هەردوو وڵات و سەقامگیریی عێراقیش لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی تەواوی
ناوچەکەدایە. هاوکات ڕوونیکردەوە کە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی
عێراق، کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی و
وڵاتانی جیهان بەگشتی.
لە بەرامبەردا،
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بەرنامەی حکومەتی عێراق دەربڕی
سەبارەت بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ڕێکخستنی چەک لەژێر فەرمانی فەرماندەی
گشتیی هێزە چەکدارەکاندا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران
پابەندە بەو ڕێککەوتنە ئەمنییانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراون.
125 جار خوێندراوەتەوە