وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی سوریا، هیچ شاندێکی سەربازیی وڵاتەکەی لەو بنکەیە بووبێت، هاوکات هێرشەکان سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشە "بێباکانە"کانی ڕابگرێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێش و لە کاتی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکەی سوریا، هیچ شاندێکی سەربازیی تورکیا لەو شوێنە ئامادە نەبووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشانەی سەروەریی سوریا و یەکپارچەیی خاکەکەی پێشێل دەکەن بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین، بۆیە پێویستە ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سوریا و ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکان و بەشدارییەکانیان بۆ پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا، بە مەبەستی گەیشتن بە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سوریا بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و بنیاتنانی ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەی.
173 جار خوێندراوەتەوە