دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکردنی گەورەترین ئۆپراسیۆنی
ئابووری و گۆشەگیرکردنی توندی دژی ئێران ڕاگەیاند، هۆشداریش دەداتە هەر وڵات و
لایەنێک کە بە هەر شێوەیەک هاوکاریی دارایی و ئابووریی تاران بکەن.
ترەمپ لە
هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیال) ڕایگەیاندووە، واشنتۆن
دەرفەتێکی گەورەی بە ئێران داوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو
دەرفەتە بقۆزنەوە. هاوکات ڕێکارە نوێیەکانی وەک "جەنگێکی ئابووری و
گۆشەگیرکردنێکی بێوێنە" وەسف کردووە کە تا ئێستا دژی هیچ وڵاتێک ئەنجام
نەدراوە.
سەرۆکی
ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی زیان بە توانا سەربازیی و
ئابوورییەکانی ئێران و بەهای دراوەکەی گەیشتووە، لە ئێستادا ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی
دۆخێکی زۆر سەخت بووەتەوە. هاوکات هۆشداریی توندی داوەتە هەر وڵاتێک کە ڕێگە بدات
دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکان، فڕۆکەخانەکان، یان قەوارە حکومییەکانیان ببنە
شادەماری ژیان بۆ تاران، کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی لێکەوتە و سزای ئابووریی زۆر گەورە
دەبنەوە.
166 جار خوێندراوەتەوە