وەزارەتی
دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم
وەزارەت و فەرمانگەکان کرد بۆ دەستکردن بە ڕێکارە کارگێڕییەکانی ڕێکخستنی خشتەی
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران. بەپێی بڕیارەکە، پێویستە سەرجەم لایەنەکان تا
ڕێکەوتی یەکی تشرینی یەکەمی 2026 تەواوی کارەکانیان لەم پرسەدا یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی
گشتاندنێکی وەزارەتی دارایی کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە
وەزارەت کراوە، پرۆسەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لە دوای یەکی کانوونی
دووەمی 2016ـەوە شایستەی پلەبەرزکردنەوە بوون و بەهۆی قەیرانی داراییەوە
مافەکانیان ڕاگیرابوو. بڕیارەکە دەسەڵاتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پلە 10 تا 4ی
داوەتە وەزارەتەکان خۆیان کە لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە ئەنجامی بدەن، بەڵام
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی پلە یەک، دوو و سێ لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدا
دەمێنێتەوە.
وەزارەتی
دارایی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە گشت لایەنەکان تا ڕێکەوتی یەکی تشرینی
یەکەمی 2026 کارەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بودجەی پێویست بۆ
جیاوازی مووچەکانیان تەرخان بکات، بەپێچەوانەوە هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک
کەمتەرخەمی بکات، خۆی بەرپرسیاریەتی یاسایی و کارگێڕی هەڵدەگرێت. هاوکات ئاماژە
بەوەش کراوە کە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە وابەستەیە بە پابەندبوونی بەغدا بە
دابینکردنی جیاوازی مووچە و شایستە داراییەکانی ڕابردوو، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە
هۆی دەستپێکردنەوەی سەرمووچەی ساڵانەش کە پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران
ڕاگیرابوو.
341 جار خوێندراوەتەوە