شەرقولئەوسەت: حكومەتی عێراق پلانی هەیە پێگەی گرووپە چەكدارەكان گەمارۆبدات

KNN : Kurdish News Network
10:31 - 13/08/2026
کوردستان
+
-

سەرچاوە عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە، پلانێکی حکومەت بۆ قۆناغی دوای وادەی کۆتایی قەتیسکردنی چەک لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ ئامادەکراوە، کە خۆی لە گەمارۆدانی پێگە سەرکردایەتییەکانی ئەو گروپە چەکدارانەدا دەبینێتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلەبەپلەی ئەو گروپانە. هەرچەندە بەغدا دەیەوێت پرۆسەکە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری کۆتایی بێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران هەوڵی پەکخستن یان دواخستنی پلانەکە دەدەن.

 

پێشتر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆتایی مانگی داهاتووی وەک دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کۆنتڕۆڵکردنی چەکی گروپەکان لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری کردبوو. بە پێی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانەکەی حکومەت پشتی بەستووە بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا، دەزگای دژەتیرۆر و یەکەکانی تایبەت لە دەوروبەری بارەگاکانی ئەو گروپانە و ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر بارەگاکان، بەمەبەستی سنووردارکردنی جموجووڵ و گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی.

 

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا، هێزە ئەمنییەکان بە دانانی بازگەی پشکنین بە سەرپەرشتی ئەفسەرەکان دەست بە دەستبەسەرداگرتنی چەک، بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و موشەک دەکەن. ئامانجی ئەم گەمارۆدانە بێدەنگەیە ناچارکردنی گروپەکانە بۆ ئەوەی یان هەڵەیەک بکەن، یانیش بەبێ تەقەکردن پێگەکانیان ڕادەستی دامەزراوە فەرمییەکان بکەن. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشەوە وەک قۆناغی تاقیکاری، ژمارەیەک ئەفسەر لە چەند ناوچە و ڕێگایەکی خێرا جێگیرکراون و لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا توانیویانە دەست بەسەر چەند کاروانێکی درۆندا بگرن.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی پلانەکە لەسەر هەردوو ناوچەی جوڕف سەخەر (پێگەی کەتائیبی حزبوڵڵا) و جوڕف نەدافە (پێگەی حەرەکە نوجەبا) لە باشووری بەغدا. جوڕف سەخەر لە ساڵی 2014ەوە بووەتە بنکەیەکی سەربازیی ستراتیژی و باوەڕ وایە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بێت. هاوکات لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا هێزێکی هاوبەش هەوڵی چوونە ناوەوەی بۆ جوڕف نەداف دا کە کارگەی دروستکردنی درۆنی تێدایە، بەڵام بەبێ پشکنین کشانەوە، ئەمەش وایکرد سەرکردە سەربازییەکان پلانەکەیان لە هێرشبردنەوە بۆ گەمارۆدان بگۆڕن. هەروەها هەڵمەتەکە بنکەکانی تری وەکو خورماتوو، ئامرلی، کەمپی ئەشرەف و کوتیش دەگرێتەوە.

 

لە کاتێکدا گروپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، سەیدولشوهەدا و نوجەبا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و تەنانەت داوا دەکەن "چەکی دەوڵەت قەتیس بکرێت بەدەست گروپەکانەوە"، بەرپرسانی ئێرانیش نیگەرانن لە چارەنووسی ئەو چەکە ستراتیژییانە و ڕاوێژکارەکانی سوپای پاسداران لەو بنکانەدا. بەرپرسانی ئێران بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان ڕاگەیاندووە کە کاتی ئەم هەڵمەتە زۆر خراپە و دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت هاوپەیمانەکانیان چەکەکانیان بپارێزن.

 

لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، سەرکردەیەکی دیاری شیعەکان هەوڵیداوە ئێرانییەکان قایل بکات کە فشاری زیاتر نەخەنە سەر سەرۆک وەزیران، چونکە شکستی حکومەت بە واتای کۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت. سەرەڕای ئەمانەش، چاوەڕوان دەکرێت گروپە چەکدارەکان هەوڵی کاتکوشتن بدەن تا گۆڕانکاری لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا ڕوودەدات.

156 جار خوێندراوەتەوە