کۆمپانیای
"دی ئێن ئۆ"ی نەرویجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، تۆمارکردنی داهاتێکی
پێوانەیی بۆ چارەکی دووەمی ساڵی 2026 بە بڕی 761 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند، کە بەراورد
بە چارەکی پێشوو بە ڕێژەی %21 زیادی کردووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە
بەرهەمهێنانی بەرز لە کێڵگەکانی دەریای باکوور و فرۆشتنیان بە نرخە بەرزەکانی
جیهان، بەتەواوی کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان
قەرەبوو کردووەتەوە.
بەپێی ئامارە
داراییەکانی کۆمپانیا نەرویجییەکە، قازانجی کارگێڕیی دی ئێن ئۆ لە چارەکی دووەمدا
بە ڕێژەی %55 بەرزبووەتەوە بۆ 439 ملیۆن دۆلار، هەروەها قازانجی پاکیشی بە ڕێژەی
%65 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 83 ملیۆن دۆلار. تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دی
ئێن ئۆ لەم چارەکەدا 88 هەزار و 400 بەرمیل هاوتای نەوت بووە، کە 84 هەزار و 900
بەرمیلی لە دەریای باکوور و تەنها 300 بەرمیلی لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەستهاتووە.
سەبارەت بە
چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان، دی ئێن ئۆ ڕوونیکردووەتەوە کە لە کۆتایی مانگی
شوباتی ڕابردوودا، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و
ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی لە مۆڵەتی تاوکێ ڕاگرتبوو. بەڵام
لە کۆتایی مانگی حوزەیران و ناوەڕاستی تەممووزدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و
پێشخابوور دەستیپێکردووەتەوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە ئاستی پێش
ڕاگرتنی.
ئەوەشی
خستووەتە ڕوو، لە کاتێکدا هەوڵەکانیان بۆ دەستگەیشتن بە بازاڕ و نرخەکانی
هەناردەکردن بەردەوامە، لە ئێستادا بەشە نەوتی خۆیان لە ناوخۆدا بە نرخێک دەفڕۆشن
کە لە نێوان 35 بۆ 39 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات لە دوای کۆتایی هاتنی
چارەکی دووەم، دی ئێن ئۆ پێشنیارێکی بۆ کڕینەوەی تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای
"جێنێڵ ئێنێرجی" خستووەتە ڕوو بە بڕی 69 پێنس بۆ هەر پشکێک، کە بە ڕێژەی
%38 لە سەرووی نرخی داخستنی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەیە.
168 جار خوێندراوەتەوە