وتەبێژی سوپای
پاسداران ڕایدەگەیەنێت، لەم جەنگەی ئێستادا ئەمەریکا بەبێ بەدەستهێنانی هیچ
دەستکەوتێک شکستەکانی خۆی قبوڵ دەکات، هاوکات هۆشداریش دەدات کە گەرووی هورمز
تەنها ڕێڕەوێکی ئاویی نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی جەنگە و تا مەرجەکانیان قبوڵ نەکرێت
دەستبەرداری نابن.
حسێن موحیبی،
وتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەم جەنگە لە ڕاستیدا تاکە جەنگە
کە تێیدا ئەمەریکا بەبێ هیچ دەستکەوتێک دان بە شکستەکانی خۆیدا دەنێت، بەشێکی ئەم
سەرکەوتنەش بەبێ گومان دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ماندووبوونی ڕۆژنامەنووسان و
دەزگاکانی ڕاگەیاندن. ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژی هەنووکەییان درێژکراوەی
ستراتیژەکانی ڕابردووە، کە بریتییە لە بەرگریکردنی هەمیشەیی و تێکشکاندنی دوژمن،
ئەمەش ستراتیژێکی نەگۆڕە و کۆتایی نایەت.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەمەریکا، وتەبێژەکەی سوپای پاسداران
ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا توانیویانە دوژمن ناچار بکەن بە خێرایی پاشەکشە لە سەرجەم
ئەو ئامانجانە بکات کە بۆ خۆی داینابوو، و ئێستا تەواوی تەرکیز و هەوڵەکانی
خستووەتە سەر کردنەوەی گەرووی هورمز، کە پێشتریش کراوە بووە.
لە کۆتاییشدا
جەختی لەوە کردەوە: "ئێستا ئەم گەرووە بۆ ئێمە لە ڕاستیدا جوگرافیایەکی شەڕە
و تەنها ڕێڕەوێکی ئاویی نییە، ستراتیژی ئێستامان پاراستنی ئەم گەرووەیە تا ئەو
کاتەی دوژمن سەرجەم مەرجەکانمان قبوڵ دەکات".
194 جار خوێندراوەتەوە