هاکان فیدان: هاوپەیمانیی مەککە دژی ئێران نییە و چاوەڕێین میسڕ بێتە ناو ڕێککەوتنەکەوە

KNN : Kurdish News Network
09:47 - 09/08/2026
جیهان
+
-

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان کە بە (هاوپەیمانیی مەککە) ناسراوە، ئامانج لێی دژایەتیکردنی ئێران نییە و پێشبینیش دەکات لە قۆناغی داهاتوودا میسڕ بچێتە پاڵ ڕێککەوتنەکە.

 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵی فەرمی ڕایگەیاند: "میسڕ هاوبەشێکی سروشتیی ئێمەیە لە سەرجەم پرسەکاندا، پێموایە لە قۆناغی داهاتوودا قاهیرەش دەبێتە بەشێک لەو هاوپەیمانییە". ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها چەند پرسێکی تەکنیکی ماون و هەرکاتێک تەواو بوون، هیچ شتێک ڕێگر نابێت لە بەشداریکردنی ئەو وڵاتە.

 

فیدان جەختی لەوەش کردەوە، بەپێی دیدگای سەرۆک کۆماری تورکیا، نابێت ڕێککەوتنەکە تەنها لە چوارچێوەی ئەو سێ وڵاتەدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت فراوان بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین وڵات لەخۆ بگرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونیکردەوە، لە مەککە هیچ هاوپەیمانییەکیان دژی ئێران دروست نەکردووە و ئەو وڵاتە "ئامانج"ی ڕێککەوتنەکە نییە. دەشڵێت: "هەر لایەنێک هێرش نەکاتە سەر وڵاتانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە، نابێتە ئامانجی ئێمە، هاوکات گفتوگۆکانی تایبەت بەم ڕێککەوتنەش زۆر پێش دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردبوو".

 

هاکان فیدان ئاشکراشی کرد کە پێشتر ئێرانیان لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی مەککە ئاگادار کردووەتەوە، هەروەها ئەگەر تارانیش کێشەکانی خۆی لە ناوچەکەدا چارەسەر بکات و ئامادە بێت بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بونیادنەرانە لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا، ئەوا ڕۆڵی لە ڕێکخستنە هەرێمییەکاندا زۆر پێویست و گرنگ دەبێت، کە ئەمەش هەڵوێستی هەمیشەیی تورکیایە و ئێرانیش بێگانە نییە بەم بابەتە.

176 جار خوێندراوەتەوە