دەزگای
هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ڕووبەڕووی هەژانێکی ناوخۆیی گەورە بووەتەوە، دوای
ئەوەی ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی نوێی دەزگاکە، بڕیاری لەکارخستنی دوو بەرپرسی باڵای دا
بەهۆی شکستهێنانیان لە پلانی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران. ئەم هەنگاوە وایکردووە
ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای مۆساد بیر لە دەستلەکارکێشانەوە بکەنەوە، لە کاتێکدا
هەندێکیان گێڕانەوەکەی گۆفمان بەدرۆ دەخەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە بنیامین
نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پشت ئەم بڕیارەوەیە بۆ کەمکردنەوەی
گرژییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
بەپێی
ڕاپۆرتێکی هەریەک لە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (کان ١١) و (کەناڵی ١٢)، ئەو دوو
بەرپرسەی لەکارخراون بریتین لە سەرۆکی نوێی بەشی هەواڵگریی مۆساد و سەرۆکی دۆسیەی
ئێران لە دەزگاکەدا. ئەگەرچی نوسینگەی نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دوو
بەرپرسە داڕێژەری پلانی ڕووخاندنی ڕژێمی تاران بوون و بەهۆی شکستیانەوە باجەکەی
دەدەن، بەڵام سەرچاوەکانی ناو مۆساد ئەو پاساوە ڕەتدەکەنەوە و بە "فێڵێکی
منداڵانەی نەتانیاهۆ" ناوی دەبەن. سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پلانەکە
لەلایەن دەیڤد بەرنیاع، سەرۆکی پێشووی مۆسادەوە داڕێژراوە و نەتانیاهۆ بەتەواوی
پشتیوانیی کردووە و لەلای ترەمپیش بەرگری لێکردووە.
وردەکارییە
دزەپێکراوەکانی پلانەکە دەریدەخەن کە پرۆسەکە پشتی بەستووە بە هێرشی زەمینی بۆ سەر
تاران لەلایەن کوردەکانی رۆژهەڵاتەوە، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتییەکی چڕی
ئاسمانیی ئەمریکی و ئیسرائیلی. ئەگەرچی ئەمریکییەکان سەرەتا پلانەکەیان بە
ناپیشەیی وەسف کردبوو، بەڵام نەتانیاهۆ توانیبووی ترەمپ قایل بکات بەوەی کە مەحمود
ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، وەک سەرکردەی نوێی وڵاتەکە لەبری ڕژێمی
ئێستا ڕازی کراوە.
پلانەکە پاش
ئەوەی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە خێرا تووشی شکست بووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووی
نیویۆرک تایمز، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ماڵەکەی ئەحمەدینەژاد
لە تاران بۆ کوشتنی پاسەوانەکانی و "دەرهێنانی لە دەستبەسەریی ماڵەوە"،
بەڵام هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەحمەدینەژاد، ئەمەش وایکردووە گومان لە
تەواوی پلانەکە بکات و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگرێت.
لە ئێستادا
ناکۆکییەکی توند باڵی بەسەر مۆساددا کێشاوە. ڕۆنین بێرگمان، شارەزای کاروباری
ئەمنی و ستراتیژی، ئاماژەی بەوە کردووە کە گۆفمان پێش وەرگرتنی پۆستەکەی ڕێککەوتنی
لەگەڵ نەتانیاهۆ کردووە بۆ پاککردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیران لەم شکستە ئەمنییە.
بەرپرسانی ناو
مۆسادیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەکارخستنی ئەو دوو بەرپرسە پەیوەندی بە شکستی
ئێرانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە لەگەڵ سیاسەتەکانی گۆفماندا نەگونجاون کە
کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندنی لەناو دەزگاکەدا دروستکردووە. لەلایەکی دیکەشەوە
ترەمپ بڕیاری وەستاندنی هێرشە زەمینییە کوردییەکەی داوە، کە خاڵێکی یەکلاکەرەوەی
ناو پلانەکە بووە، ئەمەش وایکردووە نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتییە گەورەکەی ئەم قەیرانە
نێودەوڵەتییەی بکەوێتە ئەستۆ.
239 جار خوێندراوەتەوە