ئێران: هاوپەیمانیی مەککە ئاماژەیە بۆ نەمانی متمانە بە ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
10:45 - 10/08/2026
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان پاکستان، تورکیا و عەرەبستانی سعودیە نیشانەی گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە و دەشڵێت: "ئەمریکا خۆی بەشێکە لە هۆکاری نائارامییەکانی ناوچەکە".

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵیی ئەمنیی نێوان پاکستان، تورکیا و عەرەبستانی سعودیە نیشانەی گۆڕانکارییە لە تێڕوانین و تێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوو، وڵاتانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە "ئاسایش" کاڵایەک نییە لە بازرگانە درۆزنەکان بکڕدرێت.

 

بەقایی ڕوونیشیکردەوە، سیاسەتی نەگۆڕی ئێران هەمیشە هاندانی وڵاتانی ناوچەکە بووە بۆ هاوکاری و بەهێزکردنی متمانەی هاوبەش لەپێناو بەدەستهێنانی ئاسایشێکی ناوخۆیی، بەبێ پشتبەستن بە کارەکتەرەکانی دەرەوەی ناوچەکە، لەو ڕوانگەیەشەوە دەبێت گرنگی بەو گۆڕانکارییانە بدرێت.

 

لەسەر پرسە ئەمنییەکان و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکای بە بەشێک لە هۆکاری نائارامییەکانی ناوچەکە ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بەهیچ شێوەیەک جیاناکرێتەوە. وتیشی: "هەر پرۆژەیەک کە لەسەر بنەمای ڕاستییە جوگرافی و مێژووییەکانی ناوچەکە بێت و بە دروستی دوژمن و هەڕەشەکان دەستنیشان بکات، دەرفەتی ئەوەی هەیە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری و قۆستنەوەی دۆخەکە لەلایەن دوژمنی زایۆنی و هاوپەیمانەکانییەوە لە ناوچەکەماندا."

152 جار خوێندراوەتەوە