حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 8 پەنا دەباتە بەر قەرزی ناوخۆیی

KNN : Kurdish News Network
01:32 - 02/08/2026
ئابوری
+
-

حکومەتی عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی دارایی زۆر هەستیارەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، بە جۆرێک دابینکردنی مووچەی ملیۆنان فەرمانبەر و خانەنشین بووەتە گەورەترین ئاڵەنگاری لەبەردەم خەزێنەی گشتیدا. بەهۆی کەمبوونەوەی نەختینە و دابەزینی داهاتە نەوتییەکان لە سایەی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەهۆی گرژییە سەربازییەکان، گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر دارایی گشتی و حکومەت ناچار بووە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە مانگانەکانی پەنا بباتە بەر ئامرازەکانی قەرزکردن.

 

بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی باڵا لە وەزارەتی دارایی و سەرچاوەیەکی نزیک لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حکومەت ڕووبەڕووی گوشارێکی دارایی توند بووەتەوە کە ڕەنگە نەتوانێت مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران لەو نەختینەیەی ئێستا لەبەردەستدایە دابین بکات. بۆیە بڕیارە لەم مانگەدا زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار لە چەند بانکێکی ئەهلی قەرز بکات. هاوکات قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە نێوان 106 بۆ 125 ترلیۆن دینار بە ڕێژەی سوودی ساڵانەی 5.25٪. سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە، بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز، عێراق لە پێنج مانگی ڕابردوودا 30 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

 

لەسەر ئاستی فەرمی، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، ئەم قەیرانە کتوپڕ نییە، بەڵکو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی گرفتە پێکهاتەییەکانی دارایی گشتییە، چونکە پشتئەستووریی بودجە بە ڕێژەی 90٪ بە نەوت، لە بەرامبەر فراوانبوونی خەرجییە بەکاربەرەکان، وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق جەختی لە بوونی کورتهێنانێکی ڕاستەقینە کردەوە کە ڕێگرە لە خەرجکردنی مووچە، کە مانگانە پێویستی بە 7 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە. هەروەها حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە مانگانە پێویستیان بە 10.8 ترلیۆن دینارە بۆ مووچە و خەرجییە گشتییەکان، لە کاتێکدا ئێستا داهاتی نەوت تەنیا 2.5 ترلیۆن دینارە.

 

کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە کەرتە هەستیارەکانیشی گرتووەتەوە، عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی هۆشداری دا کە کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دەرمان (کیمادیا) تەنیا 15٪ـی بودجەکەی وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی مایەپووچبوونی و دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی دەرمان. لەگەڵ ئەوەشدا، شارەزایانی ئابووری وەک زیاد هاشمی و ئەحمەد عید پێیان وایە قەرزکردن لە بانکە ئەهلییەکان چارەسەری بنەڕەتی نییە و هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و بەهەدەردان، پێشنیاریش دەکەن حکومەت خەرجییەکان کەم بکاتەوە و بیر لە دەرچەی هەناردەکردنی جێگرەوەی وەک تورکیا و سوریا بکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی "ئیکۆ عێراق"، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـدا عێراق نزیکەی 302.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستداوە بەراورد بە ئاستی ئاسایی بەرهەمهێنان.

247 جار خوێندراوەتەوە