شارەزایەکی
کەشناسی پێشبینی دەکات وەرزی زستانی ئەمساڵی عێراق جیاواز بێت و ڕێژەی بارانبارین
لە چەندین ناوچە تێکڕای گشتی تێپەڕێنێت، ئاماژە بەوەش دەکات زستانی ئەمساڵ
بیرەوەری ساڵانی پڕ ئاوی دەگێڕێتەوە.
عەلی جابر
زەیادی، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەرجەم
پێشبینییەکان و نەخشەکانی کەشوهەوای مەوداودوور ئاماژەی ئەرێنین بۆ وەرزێکی
باراناویی جیاواز، کە پێدەچێت تیایدا بڕی بارانبارین لە ژمارەیەک شارەکانی عێراق
تێکڕای گشتی تێپەڕێنێت".
ئاماژەی
بەوەشکرد، گەشەسەندنی دیاردەی (ئێل نینۆ مۆدۆکی سوپەر) لەمساڵدا و بەردەوامبوونی
کاریگەرییەکانی تا کۆتاییەکانی وەرزی زستان، هاوکار دەبێت لە دروستبوونی شێی بەرز
و قووڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆ باراناوییەکان لە ماوەی نزیک لە یەکتردا، ئەمەش لە
مانگەکانی پاییزەوە دەستپێدەکات بەتایبەت لە تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی
یەکەمدا.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ڕوونیکردەوە، هەندێک لەو شەپۆلانە ئەگەری هەیە بارانی بەلێزمە و بەخوڕیان
لەگەڵدا بێت، جگە لە دروستبوونی شەپۆلی سەرما لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا.
پێشبینیشی کرد ئەگەر ئەم ئاماژانەی ئێستا وەک خۆیان بمێننەوە، وەرزی داهاتوو
دەبێتە یەکێک لە باشترین وەرزەکانی بارانبارین کە عێراق لە دەیەکانی ڕابردوودا
بەخۆیەوە بینیوە، و هاوشێوەی کۆتاییەکانی حەفتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو
دەبێت کە بە ساڵانی پڕ ئاو ناسراون.
سەبارەت بە
دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، عەلی جابر زەیادی باسی لەوەکرد، ئاماژەکان بۆ ئەوەن
کە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا بارانبارینی پێشوەختە دەستپێبکات و چەند ناوچەیەکی
جیاوازی وڵات بگرێتەوە.
پێشبینییە
کەشوهەواییە مەوداودوورەکان پشت بە مۆدێل و نەخشەی کەشوهەوا دەبەستن کە چاودێری
گۆڕانکارییەکان دەکەن بۆ ماوەی چەند هەفتە و مانگێک، بەڵام وردییەکەی لە پێشبینییە
کورتخایەنەکان کەمترە، بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا بەردەوام نوێ
دەکرێنەوە. عێراق ساڵانە چاوەڕوانییەکی زۆری بۆ وەرزی بارانبارین هەیە بەهۆی
گرنگییەکەی لە زیادکردنی یەدەگی ئاو و بووژاندنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، لەگەڵ
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و ژینگە.
308 جار خوێندراوەتەوە