سەرچاوەیەکی
ئەمنی، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند؛ محەمەد عەبدولیلۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانی
ناسریە، لەسەر دۆسیەکانی تایبەت بە پارچە زەوییەکان دەستگیرکرا. پڕۆسەی
دەستگیرکردنەکە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی دەستەی
دەستپاکی جێبەجێ کراوە.
هاوکات لەگەڵ
دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەدا، هێزە ئەمنییەکە دەستیان بەسەر نزیکەی (600)
مامەڵەی پارچە زەویی نیشتەجێبووندا گرتووە. ئەو مامەڵانە لەلایەن فەرمانبەرێکی
داواکراوی شارەوانی ناسریەوە لە ناوچەی ساڵحییە جێهێڵراون، بەر لەوەی ناوبراو
بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵبێت.
ئەمەش لە
کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی دەزگای هەواڵگری و هێزێکی
دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای زیقار دەستیپێکرد، بە مەبەستی ڕاوەدوونان و
دەستگیرکردنی زیاتر لە (20) کەس بە تۆمەتی زیانگەیاندنی گەورە بە
سامانی گشتی. لەنێو داواکراوەکانیشدا فەرمانبەرانی شارەوانی، فەرمانبەرانی تۆماری
خانوبەرە (تاپۆ)، و ئەندامانی سەندیکای پارێزەران هەن.
هەر لە
چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەو دۆسیەیە، پێنجشەممەی ڕابردوو، دادگای لێکۆڵینەوەی
ناسریەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (8)
فەرمانبەری شارەوانی دەرکرد کە بەرپرسی باڵایان تێدایە، لە دیارترینیان؛ قەحتان
عەدنان بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی، بەڕێوەبەری پێشووی موڵکایەتی، بەڕێوەبەری
ڕێکخستنی شارەکان، و سکرتێری لیژنەی دابەشکردنی زەوییەکانن. پێشتریش سەرۆکایەتیی
دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار، دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانی ناسریە و
مامەڵەچییەکانی ڕاگەیاندبوو.
163 جار خوێندراوەتەوە