زەیدی هەڵمەتی دژی گەندەڵکارانی وەستاندووە و بە چەککردنی گروپەکانەوە سەرقاڵە

KNN : Kurdish News Network
02:13 - 06/08/2026
عێراق
+
-

زیاتر لە 100  پەرلەمانتاری عێراق خۆیان لە ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەپارێزن، ئەوەش دوای دەستپێکردنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا. لە کاتێکدا وەزیرێکی پێشوو لە دەرەوەی وڵات دەژی و سەرۆک فراکسیۆنێکیش دیار نەماوە، بەڵام هەڵمەتەکە خۆشی لە ئێستادا سستی بەخۆوە بینیوە.

 

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەشێکی زۆری زەبری سەرەتای لەدەستداوە، بەڵام هێشتا لای بەرپرسان جێگەی ترسە. بەهۆی ئەمەوە، بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان کە دەزانن ناوەکانیان لە لیستی داواکراواندایە بۆ لێکۆڵینەوە، بڕیاریانداوە نەگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان. لەم نێوەندەشدا ناوی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها حسێن موئنس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق دەهێنرێت کە وڵاتیان جێهێشتووە یان لە گۆڕەپانەکەدا دیار نین.

 

باسل حسێن، سەرۆکی سەنتەری کلواسا بۆ توێژینەوە سەبارەت بە سستبوونی هەڵمەتەکە ڕایگەیاند، پرۆسەکە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توندی سیاسی و میلیشیایی بووەتەوە، هەر بۆیە ترسی لێکەوتەی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی دەسەڵاتدار وایکردووە هەنگاوەکان خاو ببنەوە. لە لایەکی دیکەوە، غالب دەعمی، توێژەری سیاسی پێی وایە گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ دانیشتنەکانی و پرسی پارێزبەندی، بووەتە بەربەست لەبەردەم دەستگیرکردنەکان، چونکە لادانی پارێزبەندی لە کاتی وەرزی یاساداناندا پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان هەیە.

 

سەبارەت بە چارەنووس و بەردەوامیی هەڵمەتەکە، ئەسیل نوجێفی، سەرکردە لە بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان پێی وایە، حکومەت لە ئێستادا پێشینەی کارەکانی بۆ پرسی چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان تەرخان کردووە، ئەگەر لەو کارەشدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا سیستەمی گەندەڵی کە خۆی لەژێر سێبەری ئەو چەکانەدا حەشارداوە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەرەس دەهێنێت. چاوەڕوانیش دەکرێت دوای کۆتایی مانگی ئەیلول، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە.

281 جار خوێندراوەتەوە