کۆی پارەی گەڕێندراوی گەندەڵکاران نیوەی مووچەی مانگێکی هەرێمە

KNN : Kurdish News Network
01:27 - 09/08/2026
عێراق
+
-

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرای کرد، ئەو پارەیەی دەوڵەت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (بەرەبەیان) گەڕاندوویەتیەوە، تێچووی مووچەی مانگانەی چەندین وەزارەت و دەستەی حکومی تێدەپەڕێنێت و نزیکە لە تەواوی مووچەی یەک مانگی وەزارەتی دەرەوە و ستافە دیپلۆماسییەکەی.

 

لە بەیاننامەیەکدا ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆی گشتیی ئەو پارە نەختینەیەی گەڕێندراوەتەوە دەگاتە نزیکەی 390.08 ملیار دیناری عێراقی، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی 141 ملیۆن دۆلار بە دیناری عێراقی هەژمار کراوە. هەروەها، بە هەژمارکردنی بەهای ئەو زێڕەی دەستی بەسەردا گیراوە کە بڕەکەی نزیکەی نیو تۆن دەبێت و بەهای یەک گرام بە 185 هەزار دینار خەمڵێندراوە، کۆی گشتیی بەهای ئەو سامانە گەڕێندراوەیە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 482.6 ملیار دیناری عێراقی.

 

ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە لە خەرجییەکانی مووچەی مانگانەی چەند وەزارەتێک زیاترە، وەک وەزارەتەکانی گواستنەوە، ژینگە، کۆچ و کۆچبەران و نەوت. لە هەمان کاتدا، پارە گەڕێندراوەکە یەکسانە بە نزیکەی نیوەی پشکی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، کە پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لەخۆدەگرێت.

 

لە کۆتاییدا ڕوانگەی ئیکۆ عێراق جەختی لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی گێڕانەوەی سامانی گشتی کردووەتەوە و، گرنگیی بەردەوامبوونی شەفافییەتی لە ڕاگەیاندنی ئەو پارە و سامانانەی دەگەڕێندرێنەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسیان دووپات کردووەتەوە.

285 جار خوێندراوەتەوە