بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پارێزگای هەولێر، چەند ڕێنماییەکی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی پرسە لە هۆڵی بۆنەکان و مزگەوتەکاندا دەرکرد و بڕیاریدا ماوەی پرسە تەنها یەک ڕۆژ بێت
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقافی (هەولێر، دەوروبەر، شەقڵاوە، پیرمام، کۆیە و مەخموور) کراوە، جەخت لەسەر پێنج خاڵی نوێ کراوەتەوە بۆ باشتر ئیدارەدانی پرسەکان. بەپێی ڕێنماییەکان، دانانی پرسە لە سەنتەری شار و دەوروبەری تەنها بۆ یەک ڕۆژ دەبێت
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، پێویستە کورسییەکانی هۆڵی پرسە بە شێوازێک ڕێکبخرێن کە ڕوویان لە خاوەن پرسە بێت و شوێنی تایبەتیش بۆ خاوەن پرسە لە هۆڵەکاندا دیاری بکرێت. هەروەها بڕیاردراوە کە جگە لە ئاو، هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە هەردوو هۆڵی پیاوان و ئافرەتاندا دابەش نەکرێت
سەبارەت بە هۆڵی پرسەی ئافرەتان، ئەوقافی هەولێر بە توندی ڕێگری دەکات لە خوێندنەوەی مەولوودنامە، دەفلێدان و لاواندنەوە. لە هەمان کاتدا ڕێگەدراوە کە دەنگی قورئانخوێنی پیاوان لە ڕێگەی بڵندگۆوە بۆ هۆڵی ئافرەتان بگوازرێتەوە، و بەکارهێنانی ئامێر و میمۆریش بۆ قورئانخوێندن بە ئاسایی و ڕێگەپێدراو دانراوە
458 جار خوێندراوەتەوە