یاسای هاتووچۆ هەموار دەکرێتەوە و ئاسانکاری بۆ ڕەشکردنی شووشەی ئۆتۆمبێل دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
01:51 - 25/07/2026
عێراق
+
-

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (25ی تەمموزی 2026)، ڕایگەیاند کە نزیکەی ٪40ی کارەکانی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هاتووچۆیان تەواو کردووە، کە تێیدا گۆڕانکاریی گرنگ بەسەر سزاکانی هاتووچۆ، مۆڵەتی شۆفێری، ساڵنامەی ئۆتۆمبێل (سەنەوی) و پرسی ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکاندا دێت.

 

یاسر ئیسکەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا کارکردن لەسەر تەواوکردنی بڕگەکانی دیکەی یاساکە بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ هەمان مەبەست میوانداریی فەریق عودەی سەمیر حەسانی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراقیان کردووە و بڕیاریشە بەمزووانە سەردانێکی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن.

 

سەبارەت بە ڕەشکردنی شووشەی ئۆتۆمبێل، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە کە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بێبەرامبەر تا ڕێژەی ٪30 جامی ئۆتۆمبێلەکانیان ڕەش بکەن، بەڵام هەر ڕێژەیەک لەوە زیاتر بێت، پێویستە ڕسوماتی دارایی بۆ بدرێت.

 

ئەم هەنگاوەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق وەک چارەسەرێکە بۆ ئەو کێشانەی لە کاتی جێبەجێکردنی یاسا کۆنەکەدا دروستببوون، بەتایبەتی کەمکردنەوەی بارگرانیی سزاکانی هاتووچۆ لەسەر شانی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ مامەڵەی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەت و ساڵنامە، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی پرسی ڕەشکردنی جام کە پێشتر داواکارییەکی زۆری خەڵکی لەسەر بوو بۆ پێداچوونەوە بە مەرجەکانیدا. بڕیاریشە دوای ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، هەموارەکە بخرێتە دەنگدانەوە.

2379 جار خوێندراوەتەوە