وەزیری تەندروستی: سەرۆک وەزیران سەری سوڕماوە لەوەی چۆن مووچەی مانگانە دابین بکات

KNN : Kurdish News Network
08:35 - 01/08/2026
ئابوری
+
-

قەیرانی دارایی لە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارترەوە و حکومەتی عێراق بە فەرمی دانی بە قورسیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا ناوە، داواش لەو لایەنانە دەکرێتکە نزیکن لە ئێران، فشار بخەنە سەر تاران بۆ بەدەرکردنی نەوتی عێراق لە کۆتوبەندەکانی گەرووی هورمز.

 

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایکرد، کێشە لە دابینکردنی مووچەدا هەیە کە مانگانە پێویستی بە نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناری عێراقی هەیە، بەڵام تەنها نزیکەی سێ ترلیۆن دینار لەبەردەستدایە. بە وتەی ناوبراو، حکومەت دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە بە دواکەوتوویی و بە شێوەی قیست هەرکاتێک نەختینە بەردەست بێت. هاوکات عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "هیچ پارەیەک نییە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆک وەزیران سەری سوڕماوە لەوەی چۆن مووچەی مانگانە دابین بکات.

 

لای خۆیەوە حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر قەیرانی داخرانی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، لەوانەیە حکومەت پەنا ببرداتە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی. لە بەرامبەردا، دکتۆر مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران هۆشداریدا لە فراوانکردنی قەرزی ناوخۆیی و بە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە لێکەوتەی هەیە و دەبێت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام بەکارهێنانی قەرزی دەرەکی بە شێوەیەکی زانستی لەوانەیە چارەسەرێکی کاتی بێت.

 

لەسەر هەمان پرس، زافر عانی، سیاسەتمەداری عێراقی لە پۆستێکی پلاتفۆرمی (ئێکس)دا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی وەزیری تەندروستی دەنگی زەنگێکی گەورەیە و پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا وەلائییەکان دەتوانن داوا لە ئێران بکەن ڕێگە بە عێراق بدات نەوتەکەی لە گەرووی هورمزەوە هەناردە بکات، تاوەکو عێراقییەکان بتوانن مووچە و بژێوییان دابین بکەن؟".



57 جار خوێندراوەتەوە