دوای زنجیرەیەک
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی ئابی 2026)،
دەقی پرۆژەیاسای تایبەت بە قۆناغی نوێی چارەسەری و چەکداماڵینی پەکەکە
بڵاوکرایەوە. پڕۆژەیاساکە کە لە 12 ماددە پێکهاتووە و بە "یاسای
بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" ناسراوە، ئامانجی
سەرەکی پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانیانە.
بەپێی دەقی
پرۆژەیاساکە، دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردەیی و چەکداماڵینی رێکخراوەکە لەلایەن
دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیش پشتڕاستی
دەکاتەوە. یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە دامەزراندن،
سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە، لەگەڵ ئەو
دۆسیانەی پەیوەستن بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی. بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون لە
تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان پێش یەکی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی
قورسکراوی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لە یاساکە بێبەش دەبن.
پرۆژەیاساکە
میکانیزمێکی نوێی بۆ دواخستنی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزاکان داڕشتووە؛ بەجۆرێک
بۆ ئەو تاوان و سزایانەی لە 15 ساڵ کەمترن ماوەی پێنج ساڵ، وە بۆ ئەوانەشی
لە 15 ساڵ زیاترن یان زیندانیی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانیان دوادەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەشدا
ئەو کەسانە هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان دادەخرێت و سزاکانیان بە
جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت، هەروەها لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەدا تەواوی رێکارەکانی
دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەری لادەبرێن.
بۆ چاودێریکردن
و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ئەنجومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری
سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و چەند بەرپرسێکی دیکە پێکدەهێندرێت. هاوکات لە
پەرلەمانی تورکیاش لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە دروست دەکرێت،
و پێویستیشە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن، لە ماوەی شەش مانگدا
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمی،
داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
569 جار خوێندراوەتەوە