دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند،
ڕێککەوتنێک لەبارەی گەرووی هورمزەوە هەیە و لە داهاتووشدا ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە
ئەتۆمییەکەی ئێران دەکرێت، ئاشکراشی دەکات کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە
دانوستانەکان دەکەن.
ترەمپ لە
لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ئێرانییەکان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە شێوازی
دانوستانەکان، وتیشی: "ئێمە ئامادەبووین لێیان بدەین و هێرشەکانیش بەردەوام
دەبوون، بڕیار بوو هێرشێکی زۆر گەورە بکەینە سەر ئێران کە لە دوای جەنگی جیهانیی
دووەمەوە گەورەترین هێرش بێت".
سەبارەت بە
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە، ترەمپ ئاشکرای کرد کە هەریەک لە سعودیە، ئیمارات،
قەتەر و تەنانەت ئێران خۆیشی، داوایان لێکردووە ئەو هێرشە هەڵبوەشێنێتەوە، کە
پێشتریش ڕایگەیاندبوو هێرشە نزیکەکەی سەر ئێرانی بەو هیوایە ڕاگرتووە کە بە خێرایی
بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان. لە
کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕێ دەکەن بزانن ئایا دەتوانن بگەنە قۆناغی
داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئێرانییەکان یان نا.
لە لایەکی
دیکەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە
کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری
دەرەوەی سعودیە و فەرماندەی سوپای پاکستان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵە
دیپلۆماسییەکانی تایبەت بەو پرسانە.
188 جار خوێندراوەتەوە