پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
12:01 - 02/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کەشوهەوا بەگشتی گەرم و ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی کەمێکی پلەکانی گەرما لە ڕۆژی دووشەممەدا کە تیایدا ناوچەی گەرمیان بە 49 پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرمی تۆمار دەکات.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە (2ی ئابی 2026)، ئاسمان ساماڵ و کەش گەرم دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەور. خێرایی با مامناوەند دەبێت و لە نێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، هەروەها ئاراستەکەی بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت. مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 9 کیلۆمەتردا دەبێت، سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی پێشوو و لە هەندێک ناوچە کەمێک دادەبەزن.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی دووشەممە (3ی ئابی 2026)، کەشناسی پێشبینی دەکات کەش بەگشتی گەرم و ساماڵ بێت، تەنها لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا ئاسمان نیمچە هەور دەبێت. خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا و مەودای بینین بۆ 9 بۆ 10 کیلۆمەتر بەرز دەبێتەوە. هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن، بە جۆرێک پلەی گەرمیی پێشبینیکراو لە هەولێر 45، سلێمانی 44، دهۆک 44، هەڵەبجە 45 و کەرکوک و چەمچەماڵیش 46 پلەی سیلیزی دەبێت، هاوکات گەرمیان بە 49 پلە و حاجی ئۆمەرانیش بە 33 پلەی سیلیزی، گەرمترین و فێنکترین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبن.

1185 جار خوێندراوەتەوە