بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە و مووچە چەند پێشنیازێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:52 - 02/08/2026
عێراق
+
-

لە سایەی پەرەسەندنی مەترسییەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و کاریگەرییەکانی لەسەر دابینکردنی نەختینەی دارایی و توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، پەرلەمانتارانی عێراق کۆمەڵێک چارەسەری بەپەلە و ستراتیژییان بۆ ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە خستە ڕوو. چارەسەرەکان چاکسازی لە میکانیزمەکانی فرۆشتنی نەوت، دۆزینەوەی دەرچەی نوێ بۆ هەناردەکردن، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردن و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەخۆدەگرن، هاوکات هۆشداریش دەدەن لەوەی بەردەوامیی ئەم دۆخە گوشاری گەورەتر دەخاتە سەر دارایی گشتی، بەتایبەت لە دۆسیەی مووچەدا.

 

عامر عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەستانی هەناردەی نەوت وڵاتی خستووەتە بەردەم قەیرانێکی دارایی سەخت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچە دروستکردووە، لە کاتێکدا حکومەت پابەندیی و قەرزێکی دارایی زۆری لەسەرە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامیی وەستانی هەناردەکردن و ئەو سیاسەتەی کۆمپانیای "سۆمۆ" پەیڕەوی دەکات، کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتی عێراق، پێویستی بە پێداچوونەوە و چاکسازیی جددی هەیە.

 

لەلایەکی دیکەوە، مستەفا کەرعاوی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە کە عێراق بە ڕێژەی 90٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە وەستانی هەناردەکردن ئاستەنگ لەبەردەم دابینکردنی نەختینە و پێدانی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران دروست دەکات. وەک چارەسەری کورتخایەن، ناوبراو پێشنیاری دۆزینەوەی دەرچەی نوێ بۆ هەناردەکردن و چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد. بۆ چارەسەری درێژخایەنیش، جەختی لە پێویستیی دروستکردنی کۆگای نەوتی عێراقی لە وڵاتانی بەکاربەر کردەوە بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی کە لەوانەیە ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی پەکبخەن، بەتایبەت مەترسییەکانی گەرووی هورمز.

 

سەبارەت بە پرسی دابینکردنی مووچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد کە حکومەت مانگانە پێویستی بە نزیکەی 7 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە بۆ خەرجییەکانی. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشنیاری فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت بۆ دانەوەی قەرزەکان بڕێکی کەم دابین دەکات و کێشەکە چارەسەر ناکات، لەبری ئەوە پێشنیاری گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و چاپکردنی دراوی کرد وەک خێراترین چارەسەر بۆ دابینکردنی نەختینە. هاوکات ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە توانای فرۆشتنی نەوت وەک پێویست نییە، بەڵام دابینکردنی مووچە ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و نابێت پشتگوێ بخرێت.

 

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پەرلەماندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، عەدەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەکەیان سەرقاڵی تاوتوێکردنی چەندین پڕۆژەیاسای دارایی و ئابوورین کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون بۆ خوێندنەوەی یەکەم، بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی دارایی، بەهێزکردنی وەبەرهێنان و زیادکردنی داهات. هەروەها کازم شەمەری، سەرۆکی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان جەختی لەسەر توندکردنی چاودێری کردەوە بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

422 جار خوێندراوەتەوە