باڵیۆزخانەی
ئەمەریکا لە ئوردن، ئەمڕۆ شەممە، هۆشدارییەکی توندی ئەمنی بڵاوکردەوە و داوا لە
هاووڵاتییانی دەکات بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئامادەکاری بۆ
جێهێشتنی ناوچەکە بکەن، هاوکات پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و
داخستنی کاتیی ئاسمانی ناوچەکەش دەکات.
باڵیۆزخانەکە
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕەوشی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی هەیە، بۆیە دەبێت ئەمەریکییەکان
هۆشیاربن و لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەدا ئامادەبن بۆ جێهێشتنی ناوچەکە.
باسی لەوەش کردووە کە هەڵوێستەکانی ئێران پێشبینینەکراون و مەترسیی ئەوە هەیە
ئێران و گروپە نزیکەکانی، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا
لە سەرانسەری جیهان بکەنە ئامانج، تەنانەت ژێرخانی مەدەنی وەک هۆتێل و
فڕۆکەخانەکانیش.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئوردن بەتایبەتی داوا لە
هاووڵاتییانی دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە سەردانیکردنی بنکە سەربازییەکان لەناو
خاکی ئوردن و تێکەڵنەبوون بە شوێنی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان. هەروەها داوا لەو
ئەمەریکییانە دەکات کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بە جددی پێداچوونەوە بە
بڕیاری گەشتکردنیان بۆ ناوچەکە بکەن و بەردەوام چاودێری ڕێنماییە ئەمنییەکانی
تایبەت بە فڕۆکەخانەکان بکەن.
334 جار خوێندراوەتەوە