نهێنی راگرتنی هێرشە گەورەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاشکرابوو

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 02/08/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش دوای گوشارێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویاندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی شازادەی جێنشینی سعودیە، هەروەها لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا کە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی تاران لەخۆدەگرێت.

 

ترەمپ لە زنجیرەیەک لێدواندا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەیی شەڕدان و ئامادەن بۆ هەر جووڵەیەک دژی ئێران، بەڵام ڕایگەیاند: "لەپێناو داهاتووی جیهان و مانەوەی ئێراندا، ڕەزامەندیم دا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە بەرامبەر بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای دواخستنی هەر هێرشێکیان کردووە دوای ئەوەی لەسەر هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنێک پێکهاتوون، کە بریتییە لە کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران. هاوکات ئیسرائیلیش پابەندبوونی خۆی بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکەوە بە مەرجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا دەربڕیوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، پێشتر محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی پلانە سەربازییەکانی واشنتۆن بە ترەمپ گەیاندووە و داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێرشنەکردنە سەر ئێرانی کردووە. جگە لە سعودیە، وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەک قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان، فشاریان خستووەتە سەر ئەمریکا و ئێران بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان.

 

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە ڕۆڵێکی دیپلۆماسیی چڕی گێڕاوە، لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کە ڕۆڵی سەرەکیی ناوبژیوانی بینیوە، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سعودیە گفتوگۆی کردووە.
عێراقچی هۆشداریی داوەتە هاوتا سعودییەکەی کە هەر جۆرە هاوکاری و بەشداریکردنێکی وڵاتانی ناوچەکە لە هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانەی ئەمریکا یان ئیسرائیل، ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە.

822 جار خوێندراوەتەوە