دوای وەستانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک، سبەینێ دووشەممە، ئەپڵیکەیشنی (ئی-پسوولە) دەکەوێتەوە کار و لە رێگەی وەشانە نوێیەکەیەوە، هاووڵاتییان دەتوانن قەرزی کۆنی کارەباکانیان بە داشکاندنی تا رێژەی 50٪ بدەنەوە
لە دوای وەستانی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ، لە وەشانی نوێیدا خانەیەکی تایبەت بۆ بەخشینی رێژەی قەرزەکانی پێش پڕۆژەی (رووناکی) زیادکراوە. بەپێی بڕیارەکەی حکوومەت، داشکاندنەکە بە رێژەی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەبێت، هاوکات داشکاندنی 25٪ بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری دیاریکراوە
ئەم دەرفەتی داشکاندنە بۆ هاووڵاتییان تاوەکو 10ی 9ی 2026 بەردەوام دەبێت و تەنها نزیکەی مانگێک و حەوت رۆژ لەبەردەمیاندانە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیارەکە. لای خۆیەوە وەزارەتی کارەبا هۆشداری دەدات کە ئەمە کۆتا جارە داشکاندن بەم شێوەیە بکرێت، لە ئەگەری نەدانەوەی قەرزەکان لەو وادەیەدا، وەزارەت میکانیزمێکی دیکە بۆ وەرگرتنەوەیان دەگرێتەبەر.
503 جار خوێندراوەتەوە