ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، فەتوایەکی نوێی سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی پزیشکی بۆ ئاژەڵان دەرکرد و رایدەگەیەنێت، نەشتەرگەریی چارەسەری دروستە و هەندێک جار دەبێتە "موستەحەب"، بەڵام نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ مەبەستی خۆهەڵکێشان و پێشبڕکێ رێگەپێدراو نییە
لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە ، ئەگەر مەبەست لە نەشتەرگەرییەکە چارەسەرکردنی نەخۆشی، چاککردنەوەی ئەندامێکی شکاو، یان لابردنی ئازار و ئەو عەیبانە بێت کە بەهۆی رووداو و سووتانەوە تووشی گیاندارەکە بووە، ئەوا لە رووی شەرعییەوە دروستە. جەختیش دەکاتەوە کە هەندێک جار ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەبنە جێگەی پەسەند (موستەحەب)، چونکە ئایینی ئیسلام فەرمانی بە مامەڵەی باش لەگەڵ زیندەوەران کردووە و رێگری لە ئازاردانیان دەکات
سەبارەت بە نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ گیانداران، ئەنجومەنەکە بڕیاریداوە کە ئەگەر نەشتەرگەرییەکە پێویست نەبێت و تەنیا بۆ گۆڕینی شێوە بێت بە مەبەستی شانازی، خۆهەڵکێشان، بەشداریکردن لە پێشبڕکێی جوانکاری، یان بۆ مەبەستی بازرگانی پێوەکردن، ئەوا کارێکی نادروستە
ئەنجومەنی فەتوا هۆکاری رێگریکردنەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی "گۆڕینی خەلق" و خستنە مەترسیی گیاندارەکە بەبێ هۆکار و ئازاردانیەتی، هەروەها بە جۆرێک لە زیادەڕەوی (ئیسراف) دادەنرێت.
234 جار خوێندراوەتەوە