وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی 7 دەخرێتەڕوو

KNN : Kurdish News Network
03:38 - 23/07/2026
ئابوری
+
-

بڕیار نامیق

 

بەپێی بەدواداچوونەکانی کەی ئێن ئێن، وەزارەتی دارایی هەرێم لە هەوڵی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی پارێزگاکاندایە بۆ دابینکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و بەشێک لە خانەنشینان، کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار کەسە و پێویستیان بە 43 ملیار دینارە، پێشبینیش دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

 

لەدوای بەدواداچوونەکان بۆ هۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەو توێژانە کە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژە بەراورد بە مووچەخۆرانی دیکە دواکەوتوون، وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا لە سەرتاسەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک) سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆن. بڕیارە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو داهاتەکان کۆبکرێنەوە، ئەگەر پارەی پێویست بەردەست بێت، ئەوا ڕاستەوخۆ لیستەکە ڕادەگەیەنرێت و لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە مووچەی ئەو توێژانە دابەش دەکرێت.

 

ئەو مووچەخۆرانەی کە تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە پێکدێن لە 9 هەزار خانەنشین (پێشمەرگە و شارستانی) و 41 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست، کە بەکۆی گشتی بۆ پێدانی مووچەکانیان نزیکەی 43 ملیار دینار پێویستە. ئەگەر لە دوو ڕۆژی سەرەتای هەفتەدا داهاتەکە تەواو نەبێت، ئەوا پرۆسەی دابەشکردنەکە بە ناچاری بۆ چوارشەممە، پێنجشەممە، و یەکشەممەی دواتر دوادەکەوێت.

 

هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت بۆ مووچەی مانگی حەوتیش هەمان کێشەی کورتهێنانی 120 ملیار دینارەکە دووبارە ببێتەوە لەگەڵ بەردەوامی کێشەی کۆدەکانی مووچە و پرسی تەوتین، بۆیە لە ئێستاشەوە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانە دەستیان پێکردووە کە دەبێت لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژی داهاتوودا یەکلایی ببنەوە.

282 جار خوێندراوەتەوە