فازڵ ئیبراهیم: پێشبینییەکان بۆ رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن

KNN : Kurdish News Network
02:20 - 02/08/2026
کوردستان
+
-

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، مژدەی کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلە توندەی وشکەساڵی دەدات کە هەرێمی گرتووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی پێشووتر زیادی کردووە. هاوکات ئاماری بوومەلەرزەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت؛ تەنها لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1030 بوومەلەرزە تۆمارکراون، بەڵام زۆربەیان جێگەی مەترسی نین.

 

فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانێکدا بۆ کەی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی سەختی وشکەساڵیی تێپەڕاندووە، بەڵام ئاستی بارانبارینی ئەمساڵ زۆر باشتر بووە و ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە. سەبارەت بە پێشبینییەکانی وەرزی داهاتووش، باسی لەوە کرد کە هەرچەندە پێشبینیکردنی کەشوهەوا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەختە و تەنیا لە توانای خوادایە، بەڵام داتاکان ئاماژەی سەرەتایی دڵخۆشکەر پیشان دەدەن و پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی داهاتوودا ڕێژەیەکی باشی باران ببارێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی تیشکی خستە سەر دۆسیەی بوومەلەرزە و ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر چەند هێڵێکی بوومەلەرزە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی خواروو و ڕۆژهەڵاتی هەرێم، هەروەها هێڵێکی دیکە لە سنووری باکووری کوردستانەوە تێدەپەڕێت کە دوورترە و کاریگەریی کەمترە.

 

ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1030 بوومەلەرزە لە هەرێم تۆمارکراون، بەڵام دڵنیایی دا کە هاووڵاتییان نابێت دڵەڕاوکێیان هەبێت، چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەم بوومەلەرزانە گوڕەکەیان کەمە و لە خوار 3 پلەی ڕێختەرەوەن کە تەنیا لەلایەن ئامێرە هەستیارەکانەوە تۆمار دەکرێن و هەستیان پێ ناکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانج لە تۆمارکردنی ئەم داتایانە، هاوکاریکردنی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ دیاریکردنی ناوچە مەترسیدارەکان، تاوەکو لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخاندا ڕەچاوی مەرجە ئەندازەییەکان بکرێت.

659 جار خوێندراوەتەوە