باڵیۆزخانەی
ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە،
هۆشدارییەکی توندی ئەمنییان بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن بەهۆی
ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئامادەکاری بۆ جێهێشتنی عێراق و ناوچەکە بکەن،
هاوکات هۆشداریش دەدەن لە ئەگەری داخستنی کتوپڕی ئاسمانی و هەڵوەشاندنەوەی
گەشتەکان.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕەوشی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و
ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی هەیە. باڵیۆزخانەکە جەخت دەکاتەوە کە
هەڵوێستەکانی ئێران پێشبینینەکراون و مەترسیی هەیە تاران و گروپە نزیکەکانی،
دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان بکەنە
ئامانج، تەنانەت ئەو ناوچانەش کە پێشتر نەکراونەتە ئامانج.
ڕاگەیەندراوەکە
بەتایبەتی هۆشداری داوەتە ئەمەریکییەکانی ناو عێراق کە ئامادەباشیی تەواویان هەبێت
بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو، چونکە نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە عێراق هێشتا لەژێر
بڕیاری کشانەوەی ناچاریی فەرمانبەرە ناپێویستەکاندایە. هەروەها داوایان لێدەکات
بەردەوام چاودێریی گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی (هەولێر، سلێمانی،
بەغدا و بەسرە) بکەن، خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ و گردبوونەوەکان بەدوور بگرن و
پابەندی ڕێنماییە ناوخۆییەکان بن.
247 جار خوێندراوەتەوە