دەستەی
دەستپاکی فیدراڵی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین تۆڕی گەندەڵیی لە شارەوانی
دیوانییە ڕاگەیاند و نزیکەی 30 فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی
پێشوو و ئێستا، بەڵێندەران و بەڕێوەبەرانی بەشەکان دەرکرد، کە تێوەگلاون لە
دۆسیەکانی بەرتیل، بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرزکردنەوەی خەیاڵیی نرخەکان.
دەستەکە لە
ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانیان لە
دیوانییە بە هەماهەنگی لەگەڵ "شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری"، ئۆپەراسیۆنێکی
جۆرییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 15 فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون، کە
کەرەستە و پێداویستییان بە نرخی زۆر خەیاڵی و چەند هێندە، یان بۆ پڕۆژەی وەهمی بە
شارەوانی دیوانییە فرۆشتووە.
ڕوونیشیکردووەتەوە،
دانپێدانانی تۆمەتباران بووەتە هۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج
بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی دیوانییە و بەڕێوەبەری ئێستای فەرمانگەکە، لەگەڵ شەش
بەرپرسی بەشەکانی ژمێریاری و وردبینی و بەڕێوەبەری ئێستای ژمێریاریی پارێزگاکە. لە
ئێستاشدا بەڕێوەبەری کارا و چەند بەڕێوەبەرێکی پێشوو وتەیان لێ وەرگیراوە و
تیمەکانی دەستەی دەستپاکیش بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنیان.
لە بەشێکی
دیکەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستبەسەر بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامە و پسوڵەکانی خەرجکردندا
گیراوە کە بڕەکەی زیاترە لە نۆ ملیار دینار، لەگەڵ چەندین مۆری ساختەی تایبەت بە
لیژنەکانی کڕین، هۆبەی وردبینی، و باخچە و پارکی گشتی، هەروەها دەستبەسەر چەندین
ئۆتۆمبێلی گرانبەها و بڕێک پارەی نەختینەدا گیراوە. هاوکات دادگای لێکۆڵینەوەی
تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بڕیاری ڕاگرتنی بۆ تۆمەتباران دەرکردووە و
گەشتکردنیشی لە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە قەدەغە کردووە بەهۆی
هەبوونی پەیوەندییان بە بەشێک لە تۆمەتبارەکانەوە.
126 جار خوێندراوەتەوە