موقتەدا سەدر،
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئهمڕۆ پێنجشەممە، ئەوەی ناوی ناوە "میلیشیا
بێشەرمەکان" بە بەرپرسیار زانی لە بەردەوامیی خوێنڕشتن لە عێراقدا و
ڕایگەیاند، قەتیسنەکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە
چەکدارانی حەشدی شەعبی و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بووە.
سەدر لە
پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند:
"کردەوەی میلیشیا بێشەرمەکان و قەتیسنەکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە هۆکار بووە
و هێشتاش هۆکارە بۆ شەهیدبوونی چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ
پاساوێک".
ئاماژەی بەوەش
کردووە، لە کاتێکدا ئەو کەسانە دەبنە قوربانی، سەرکردە و گەورەکانی ئەو
میلیشیایانە لە ئارامی و پشوودان و بازرگانیدا دەژین، بۆیە داوا دەکات کۆتایی بەو
ڕەفتارە تاکەکەسی و ناعەقڵانییانە بهێنرێت.
لە کۆتایی
پەیامەکەیدا سەدر دەڵێت: "ڕەحمەت و ڕەزامەندی بۆ شەهیدەکانمان و سەبووری بۆ
خێزانە بەڕێزەکانیان، بەڵام هیچ پرسە و سەرەخۆشییەکم نییە بۆ ئەوانەی
ڕەفتارەکانیان هۆکاری لەدەستدانیان بووە."
437 جار خوێندراوەتەوە