دەستەی گشتی
کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ڕایگەیاند؛ وڵاتەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی
شەپۆلێکی نوێی گەرماوە کە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە دەست پێدەکات و بۆ چەند ڕۆژێک
بەردەوام دەبێت، پێشبینیش دەکرێت لە باشووری عێراق پلەکانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن.
دەستەکە لە
ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مۆدێلەکانی کەشوهەوا دەریدەخەن کە کاریگەریی
پاڵەپەستۆی بەرزی نیمچە خولگەیی لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا قووڵ دەبێتەوە،
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمیی وەرزی لە نزیک ڕووی
زەویشدا. بەهۆیەوە تەواوی شارەکانی عێراق بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەکانی
گەرمادا بەخۆیانەوە دەبینن و کەشوهەوا بە زۆری ساماڵ و هەتاواوی دەبێت.
کەشناسی عێراق
پێشبینیشی کردووە، بەرزترین پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی باشووری عێراق کەمێک
لە سەروو 50 پلەی سیلیزییەوە بن، لە کاتێکدا لە شارەکانی
دیکە لەو ئاستە نزیک دەبنەوە یان کەمێک نزمتر دەبن. ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی
هەستی ماندووبوون بەهۆی گەرماوە، بەتایبەتی لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا.
ئەم بەرزبوونەوەیەش هاوکاتە لەگەڵ لوتکەی وەرزی هاوین کە بە گەرمترین ماوەی ساڵ لە
عێراقدا دادەنرێت.
683 جار خوێندراوەتەوە