مارکۆ رۆبیۆ: دەبێت دەسەڵاتی ئێران گۆڕانکاری بەسەردابێت

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 02/08/2026
جیهان
+
-

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات و بەوهۆیەوە تاران ئامادەیی زیاتری بۆ ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و گەرووەکان هەیە، جەختیش دەکاتەوە کە ترەمپ زیانی گەورەی بە تواناکانی بەرگریی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران مەترسییەکی گەورەیە و نابێت ڕێگە بە ڕوودانی بدرێت. ڕوونیشیکردەوە، ئێران هەوڵی دەدا چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و چەترێکی موشەکیی نەریتی بۆ پاراستنی بەرنامەکەی دروست بکات، بەڵام سەرۆک ترەمپ بە ئامانجگرتنی تواناکانیان، زیانی گەورەی بەو چەترە بەرگرییە گەیاندووە، هەرچەندە هێشتا خاوەنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن.

 

رۆبیۆ باسی لەوەش کرد کە بۆ ناچارکردنی ئێران لەسەر گۆڕینی ڕەفتارە فراوانخوازییەکانی، پێویستە تێچووی سیاسەتەکانیان بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستێک کە توانای بەرگەگرتنیان نەبێت. هاوکات پێشبینیشی کرد کە گۆڕانکاری لە ڕێکخستنەوەی سەرچاوەکانی وزەدا ڕووبدات و پشتبەستن بە گەرووی هورمز کەم بکرێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکاندا سەبارەت بە سروشتی دەسەڵاتی ئێران، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەوڵەکانی تاران بۆ هەناردەکردنی شۆڕش جێگەی قبوڵ نییە و هاتووە: "پێویستە ڕژێم گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ڕەنگە رووخاندنی ڕژێم ڕوونەدات، بەڵام دەبێت ڕژێم خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت شۆڕشەکەیان هەناردە بکەن و ئەمەش دەبێت کۆتایی بێت."

186 جار خوێندراوەتەوە