سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 31/07/2026
عێراق
+
-

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی ڕادەستنەکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵنەکردنیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکە بە تەلەفزیۆنی (ئەلعەرەبی) ڕاگەیاندووە، کێشەی سەرەکیی سەرۆکوەزیران لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان ئامادە نین وەڵامی حکومەت بدەنەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان عەلی زەیدی و هەندێک لەو سەرکردانەی پەیوەندییان بەو دۆسیەیەوە هەیە

 

هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانیی توندی خۆی دەربڕیوە لە وەستان و جێبەجێنەکردنی چەندین دۆسیەی ئەمنی و سیاسی، کە وایکردووە حکومەتەکەی لە جێبەجێکردنی بەرنامە و ئامانجەکانی بێتوانا بێت

 

ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە گوشارەکانی سەر دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە توندتر بوون، لەم بارەیەشەوە چەند بەرپرسێکی باڵا بە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)یان ڕاگەیاندووە، گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەیان لە عەلی زەیدی، فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، و فەرماندەکانی دەزگای هەواڵگری و ئەمنی کردووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی پلانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک

 

 

256 جار خوێندراوەتەوە