ئاکسیۆس: ئەمریکا بە بۆمبهاوێژی (بی-1) هێرشی کردووەتە سەر ئێران

KNN : Kurdish News Network
09:24 - 23/07/2026
جیهان
+
-

پێگەی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە سوپای ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە ئێران، فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی جۆری (بی-1)ی بەکارهێناوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس، ئەمە یەکەمجارە لە دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران لە 12 ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەکاربهێنێت. ئاماژە بەوەشکراوە، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکە لە بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانیاوە دەستی بە ئەرکەکەی کردووە و جووڵەکەشی لە ماڵپەڕەکانی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بینراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی (بی-1) کە توانای هەڵگرتنی 24 بۆمبی هەیە و کێشی هەر یەکێکیان زیاتر لە 900 کیلۆگرامە، یان دەتوانێت دەیان موشەکی کروز هەڵبگرێت، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنێکی بەرچاو و فراوانبوونی قەبارەی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکام) لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەو ڕۆژە، بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری (بی-1) نەکردبوو.

303 جار خوێندراوەتەوە