هێزی دەریایی ئێران: بە بێ مۆڵەتی ئێمە، یەک دڵۆپ نەوت و غاز بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ نابێت

KNN : Kurdish News Network
12:53 - 19/07/2026
جیهان
+
-

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە چوار کەشتی کردووە کە بەنیازبوون بەبێ مۆڵەت و لە ڕێگەیەکی "ناپارێزراوەوە" گەرووی هورمز تێپەڕێنن. لە ئەنجامدا دوو لە کەشتییەکان تووشی ڕووداو بوون و دووانەکەی دیکەش لە نیوەی ڕێگاکەدا پاشگەزبوونەتەوە و پاشەکشەیان کردووە.

 

لە بەیاننامەیەکدا هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئەو چوار کەشتییە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بە کوژاندنەوەی سیستەمی کەشتیوانییەکانیان، گوێیان بە ئاگادارکردنەوەکانی بنکەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز نەداوە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەشتییەکان هەوڵی پشێوی و تێکدانی دۆخەکەیان داوە لەکاتی دەرچوونیان، بەڵام دواتر دوانیان لە شوێنی خۆیاندا وەستاون و ئەوانی دیکەش نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە ڕۆیشتن.

 

سوپای پاسداران هۆشداری توندی داوە و ڕایگەیاندووە کە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بەتەواوی لەدەستی ئەواندایە و تەنها ئەو ڕێڕەوە سەلامەتە بۆ تێپەڕین کە دیاریکراوە. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە بەبێ مۆڵەت و هەماهەنگی، دڵۆپێک نەوت، غاز، یان پەینی کیمیایی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ نابێت. لە کۆتاییشدا هۆشداری داوەتە ئەو کەشتییانەی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەمریکاوە، کە ئەگەر بچنە ناو ڕێڕەوە ناپارێزراوەکانەوە بە دڵنیاییەوە تووشی ڕووداو دەبن.

160 جار خوێندراوەتەوە