حکومەتی عێراق دڵنیایی لەبارەی مووچە دەداتە هەرێم .

KNN : Kurdish News Network
02:10 - 22/07/2026
عێراق
+
-

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێران بکات و پرسی گازی سروشتی تاوتوێ بکات. هاوکات دڵنیاییش دەداتە هەرێمی کوردستان لەبارەی بەردەوامیی پێدانی مووچە و پرسی هەناردەکردنی نەوتەوە.

 

 

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزاری و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئێران سەردانی تاران دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەدا پرسی گاز لە نێوان هەردوو وڵات بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ

 

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، دڵنیاییە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ڕوونیشیکردەوە کە پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیدایە

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبوودی باسی لە پێگەی دەرەکیی عێراق کرد و ڕایگەیاند، بەغدا دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسیی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە هەیە. ئاشکراشی کرد کە چەند ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت. هەروەها، پرسی ئاو تەوەرێکی سەرەکیی سەردانەکەی کۆتایی ئەم مانگەی سەرۆک وەزیران دەبێت بۆ تورکیا

 

لەبارەی پرسە ناوخۆییەکانیشەوە، گوتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە پرسێکی تەواو ناوخۆییە و تەنها لە بەغدا بڕیاری لێ دەدرێت. جەختیشی کردەوە کە هیچ لێخۆشبوونێک لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بۆ هیچ کەسێک نییە با پێگەی سیاسیی هەرچییەک بێت. لە کۆتاییشدا دڵنیاییدا کە شایستە داراییەکانی جوتیاران لە پێشینەی کارەکانی حکومەتدایە، بەڵام پێشهاتەکانی ناوچەکە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنیان بوون

 

 

84 جار خوێندراوەتەوە