شارەزایەکی
کەشناسی هۆشداری دەدات لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و پێشبینی دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا
شەپۆلەکە بگاتە لوتکە و پلەکانی گەرما لە باشووری عێراق 50 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن.
هەڤاڵ سدیق
گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمەی لە هەینیی
ڕابردووەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی زیاتر دەبێت و
پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی بەرز
دەبنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر (شەمامک، گوێڕ، و
خەبات)، هەروەها تەواوی سنووری کەرکوک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کاریگەریی
گەرماکە لەچاو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەو
ناوچانە بەرزترین پلەکانی گەرما لە ژێر سێبەردا لە نێوان (46 بۆ 48) پلەی سیلیزی
تۆمار بکرێت.
سەبارەت بە
ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لە ڕۆژانی شەممە و
یەکشەممەی داهاتوودا چەقی گەرماکە دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز
دەبنەوە. بە جۆرێک لە پارێزگاکانی بەسرە، عیمارە، و ناسریە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی،
لە ژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆریشدا نزیک دەبێتەوە لە 60 پلەی سیلیزی.
446 جار خوێندراوەتەوە