عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئامۆژگاریی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران، چونکە دانوستان لە هەموو شتێک گرنگترە. هاوکات ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لەئەستۆگرتنی تەواوی باج و دەرئەنجامەکانی پڕۆژە چاکسازییەکەی
زەیدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زا ئاتلانتیک)ی ئەمریکی ڕایگەیاند: "پێویستە پەیوەندییەکانی بەغداد لەگەڵ واشنتن لە شێوازە سەربازییەکەیەوە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشیی ئابووری، چونکە ئەوە ئابوورییە پەیوەندی لەنێوان گەلاندا دروست دەکات، نەک ئامادەیی سەربازی
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە دەبێت عێراق ببێتە "خاڵی بەیەکگەیشتن، نەک مەیدانی دوژمنکاری" لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە کۆنترۆڵکردنی چەک و حەسری لەدەستی دەوڵەتدا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زەیدی ڕەتی کردەوە ڕێگە بدات عێراق ببێتە دەوڵەتێکی فاشیل و ڕایگەیاند، حکومەت ڕژدە لەسەر بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت. روونیشی کردەوە کە گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار ڕێگەی ڕاستەقینەی سەقامگیرین، چونکە ئەو هاووڵاتییەی ئایندەی هەبێت پەنا بۆ جەنگ یان مەزهەبگەری نابات
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە گفتوگۆی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشییەکی وەبەرهێنانی 30 ساڵە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کردووە کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا بێت لەبری ئامادەیی سەربازی. هاوکات ڕایگەیاند، جەنگی کۆتایی و داخرانی گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەر ئابووریی عێراق گەیاندووە و داوای لە وەبەرهێنەران کرد کە وەک دەرفەتێکی بەپیت و ئایندەدار بڕواننە عێراق.
96 جار خوێندراوەتەوە