وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەوە دڵنیایی دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:31 - 21/07/2026
عێراق
+
-

فالح ساری، وەزیری دارایی، داوای کرد ئەو بڕگانەی بودجەی گشتی کە تایبەتمەندییەکی هەمیشەییان هەیە بکرێن بە یاسای سەربەخۆ، بۆ ئەوەی لە کاتی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەدا کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت پەکیان نەکەوێت. هاوکات دڵنیاییشیدا کە پڕۆژەیاسای بودجەی داهاتوو دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لەپێشینەی کارەکانی داناوە.

 

لە میانی میوانداریکردنی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە کە چەندین بڕگەی گرنگی وەک قەرزکردن و مۆڵەتەکان، لە کاتی پەسەندنەکردنی بودجەدا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕادەوەستن، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی دەوڵەت دەبێت. بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی یاسای سەربەخۆ بۆ ئەو بابەتانە، ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و کاریگەرییەکانی دواکەوتنی بودجە کەمدەکاتەوە.

 

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی داهاتووەوە، فالح ساری ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە بە جۆرێک کە پابەندییە سەرەکییەکانی دەوڵەت، بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. هەروەها باسی لەوە کرد کە بودجەکە بەپێی دوو شێوازی هاوتەریب ئامادە دەکرێت، کە بریتین لە "بودجەی بەرنامەکان" و "بودجەی بڕگەکان"، ئەمەش بۆ ئەوەیە توانای خەرجییە گشتییەکان بەرزبکرێتەوە و باشتر سەرچاوە داراییەکان بەڕێوەببرێن.

 

لە کۆتاییدا، وەزیری دارایی خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ دۆخی دارایی خستەڕوو و ڕایگەیاند؛ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی باشوورەوە لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە، وا دەکات کە پێویست بێت بودجەی داهاتوو لەسەر بنەمای خەمڵاندنی زۆر ورد و دیراسەکراو دابڕێژرێت.

1448 جار خوێندراوەتەوە