ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو ڕاگەیاند و ئاماژە
بەوە دەکات، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و شەپۆلێکی با ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی
کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا کاریگەریی شەپۆلێکی دیکە دەبێتە هۆی
دابەزینەوەی پلەکانی گەرما.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی ئاشکرای کرد، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە (21ی تەمموزی 2026)، بای
باکووری ڕۆژهەڵات لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی ڕاپەڕین و بە گشتی
ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان چالاک بووە. پێشبینیش دەکرێت لە ئەمشەوەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە (22ی تەمموز)، خێرایی باکە زیاتر بێت
و بگاتە نێوان 20 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، پاشان کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.
لەبارەی
گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی، ئاراس جەبار ڕوونیکردووەتەوە، لەم دوو ڕۆژەدا پلەکانی
گەرما لە سەرجەم ناوچەکان بەراورد بە ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو بە بڕی دوو پلە
بەرزدەبنەوە. هاوکات، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە و لە ڕۆژی 23ی مانگدا، بەهۆی هاتنی
بارستە هەوایەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، پلەکانی گەرما جارێکی دیکە نزم
دەبنەوە و کاریگەرییەکەشی تا ڕۆژی 27ی مانگ بەردەوام دەبێت و بە جێگیری دەمێنێتەوە.
445 جار خوێندراوەتەوە