سەرۆکی دادگای
پارێزگای سنە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە گەڕەکێکی شاری سنە سەگی بێلانە هێرشیان
کردە سەر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان و بووە هۆی گیانلەدەستدانی، دەستبەجێ دۆسیەی
لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و دوو بەڕێوەبەری شارەوانیی شارەکەش دەستبەسەر
کران.
سەرۆکی دادگای
پارێزگای سنە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕووداوەکە لە گەڕەکی
"کەڵەکەجار"ی شاری سنە ڕوویداوە و بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەشەوە،
سکاڵا لە دژی هۆکاران و ئەو بەرپرسانە تۆمارکراوە کە کەمتەرخەم بوون.
ڕوونیشیکردەوە کە هەریەک لە جێگری بەڕێوەبەرایەتیی سیمای شار و بەڕێوەبەری
پاشماوەکانی شارەوانی سنە بە بڕیاری دادوەر ڕەوانەی زیندان کراون.
لە بەشێکی
دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی دادگای پارێزگای سنە جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ
تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، هەر کەس و لایەنێکی دیکە کەمتەرخەم بووبێت لەم
ڕووداوەدا دەستنیشان دەکرێت و بە توندی و بەپێی یاسا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە
دەکرێتەوە و ئەنجامەکەشی بۆ ڕایگشتی بڵاودەکرێتەوە.
318 جار خوێندراوەتەوە