بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی ئازادی: بە بێ ئازادیی ئۆجەلان ململانێی 50 ساڵە کۆتایی نایەت و پرۆسەکە تێکدەچێت

KNN : Kurdish News Network
10:07 - 20/07/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی ئازادی ڕایدەگەیەنێت، هەر یاسایەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەربچێت و ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان و مافی بەشداریی سیاسی بۆ سەرکردایەتی و شەڕڤانانی بزووتنەوەکە لەخۆ نەگرێت، مانای تێکدانی پرۆسەی ئاشتییە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە ئۆجەلان وەک ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکە بناسرێت.

 

لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەریی بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ماوەی دوو مانگە ڕێگری لە بینینی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی دەکرێت. ئاماژە بەوەش دراوە، دوای کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکەپە و دەوڵەت باخچەلی، باس لە دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوەیی لە مانگی تەممووزدا دەکرێت، بەڵام بێبەشکردنی دانوستانکاری سەرەکی بۆ ماوەی دوو مانگ لە چاوپێکەوتن، لێدوان و کردارەکانی ئەو پرۆسەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

بزووتنەوەکە ڕەخنەی توند لەو دەنگۆیانە دەگرێت کە لەلایەن کەسانی نزیک لە ئاکەپەوە بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بە بێبەشکردنی ئۆجەلان و سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لە یاسا نوێیەکە و ڕوونیکردووەتەوە: "ئەگەر ململانێی 50 ساڵە ببرێتە گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی، ئەوا دوورخستنەوەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لە کایەی سیاسیدا هیچ چارەسەرییەک بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو پێویستە یاسایەک دەربکرێت کە مافی ڕێکخستن و ئازادیی بیروڕا بۆ هەمووان، لە سەرکردایەتییەوە تا شەڕڤانان دەستەبەر بکات."

 

لە کۆتاییدا، بەیاننامەکە داوا لە سەرجەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات ڕۆڵی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا بگێڕن و جەخت دەکاتەوە کە کورتکردنەوەی چارەسەری پرسی کورد تەنها لە "چەکدانان"دا سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو بەدیموکراسیکردنی وڵات تەنها ڕێگەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و هێنانەدی ئاشتییەکی گشتگیر.

123 جار خوێندراوەتەوە