وەزارەتی دارایی: پرۆسەی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە قۆناغی جێبەجێکردن و تاقیکردنەوەدایە

KNN : Kurdish News Network
02:53 - 19/07/2026
کوردستان
+
-

ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکەکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان و هەر زانیارییەک لە دەرەوەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی وەزارەت بڵاوبکرێتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە و بەرپرسیار نین لێی.

 

د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوان و بابەتی ڕۆژنامەوانی لەسەر هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە داهاتوودا پێشکەشیان دەکات بڵاودەکرێنەوە، کە زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستییان تێدایە.

 

ڕوونیشیکردەوە کە لە ئێستادا پرۆسەی دامەزراندنی بانکەکە لە قۆناغی جێبەجێکردن و تاقیکردنەوەدایە، هاوکات چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەشەکان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت. جەختی لەوەش کردەوە کە هەر زانیاری و بەرەوپێشچوونێک لەسەر قۆناغەکانی داهاتووی بانکەکە هەبێت، بەفەرمی لە لاپەڕەی وەزارەتی دارایی بڵاودەکرێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەر کەس و لایەن و بەرپرسێک لە وەزارەتە جیاوازەکان لێدوان و شیکردنەوە لەسەر هەنگاوەکانی ئەو بانکە بدات، گوزارشت لە ڕای خۆی دەکات و وەزارەت بەرپرسیار نییە لێی."

87 جار خوێندراوەتەوە