کرێکارێک لە کاتی کارکردندا سەقفی دوکانێکی بەسەردا ڕووخا و گیانی لەدەستدا

KNN : Kurdish News Network
12:22 - 18/07/2026
کوردستان
+
-

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە کاتی کارکردندا لە ناو بازاڕی قەزای ڕزگاری، کرێکارێک بەهۆی داڕمانی سەقفی دوکانێکەوە بەسەریدا، بە سەختی بریندار بوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، قوربانییەکە ناوی (بەکر حەمەعەلی سلێمان)ە و لەدایکبووی ساڵی 1980 یە و دانیشتووی قەزای ڕزگارییە. بە وتەی کەسوکارەکەی، ناوبراو لەکاتی کارکردندا سەقفی دوکانەکەی بەسەردا کەوتووە و دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست گیانی لەدەستداوە.

 

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تەرمی قوربانییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە، هاوکات هێزەکانی پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ چۆنیەتیی ڕووداوەکە کردووەتەوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

89 جار خوێندراوەتەوە