وەزارەتی
ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ماوەی دانانی پرسە
تەنها یەک ڕۆژ بێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لەو
ماوەیە زیاتر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی پسپۆڕ چەند ڕێنماییەکی نوێ دەردەکات.
ئەمڕۆ
یەکشەممە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ئامادەبوونی زەیندەین
مەولود، بریکاری وەزارەت، لەگەڵ بەشێک لە کارگێڕانی هۆڵەکانی بۆنە و پرسەکان لە
هەولێر کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەک بە
ڕێنماییەکانی تایبەت بە پرسە و بۆنە ئایینییەکان کرایەوە لە پێناو خزمەتی گشتی و
ڕێکخستنەوەی ئەو بوارە.
وەزیری ئەوقاف
ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پابەندییەکی تەواو هەبێت بەوەی کە ڕۆژی پرسە تەنها یەک
ڕۆژە و نابێت لەو ماوەیە تێپەڕێت. بڕیاریشە لیژنەیەکی پسپۆڕ بە سەرپەرشتی وەزارەت،
چەند خاڵێکی ڕێنمایی نوێ لە بەرژەوەندی گشتی دەربکات، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ
کەسوکاری مردوو و کەمکردنەوەی باری گرانی سەرشانیان، کە بڕیارە لە سەرجەم هۆڵەکانی
پرسەدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.
1015 جار خوێندراوەتەوە