فالح ساری،
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، ستایشی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازییە
ئابوورییەکان، ڕەنگدانەوەی متمانەی نێودەوڵەتییە بە عێراق و ئەو هەنگاوانەی حکومەت
بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات گرتوونیەتەبەر.
وەزیری دارایی
عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی شاندی حکومەت بە
سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ کریستالینا جۆرجیێڤا، سەرۆکی
سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لە واشنتن، وێستگەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی
نێوان هەردوولا و پشتگیریکردنی ڕێڕەوی ئەو چاکسازییە ئابووری و داراییانەی حکومەتی
بەغدا جێبەجێیان دەکات.
فالح ساری
جەختی لەوەش کردەوە کە ستایشی سەرۆکی سندوقەکە بۆ ڕێکارە چاکسازییەکانی حکومەت،
بەتایبەت لە بوارەکانی چاکسازیی دارایی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و فرەچەشنکردنی
سەرچاوەکانی داهات، نیشاندەری گەشەکردنی متمانەی نێودەوڵەتییە بە ئابووریی عێراق.
هەروەها دووپاتیکردەوە کە وەزارەتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامە
چاکسازییەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی
بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی، باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و ڕۆڵپێدانی زیاتر بە
کەرتی تایبەت.
73 جار خوێندراوەتەوە