وەزارەتی
دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆڵی ئەوان لە پرسی گێڕانەوەی ئەو پارانەی لە
دۆسیەکانی گەندەڵیدا براون، تەنها لە ڕووی دارایی و گێڕانەوەی مافەکانی گەنجینەی
گشتییەوەیە، جەختیش دەکاتەوە کە ڕێکارە دادوەرییەکان لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی
دادوەریین.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا کە وەک ئاماژەیەک بۆ ڕاگەیەندراوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی باڵای
دادوەری بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەر
میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو بڕە پارانەی لەسەر شانی سزادراوانە، دەبێت گرەنتی
وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانی گەنجینەی گشتی بکات و پابەندکەر و جێبەجێکراو بێت، بۆ
ئەوەی سامانی گشتی و مافەکانی دەوڵەت پارێزراو بن.
وەزارەتەکە
ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکارە دادوەرییەکان یان داواکارییەکانی
لێخۆشبوونەوە هەیە کە پێشکەش بە دادگاکان دەکرێن، لە تایبەتمەندیی قۆرخکراوی
دەسەڵاتی دادوەرییە کە دەسەڵاتەکانی خۆی بەپێی ڕێکارە یاساییە پەسەندکراوەکان
پیادە دەکات.
لە کۆتاییشدا
وەزارەتی دارایی دووپاتیکردووەتەوە کە سوورە لەسەر تەواوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی
دادوەری و لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەکان، بەمەبەستی بەهێزکردنی هەوڵەکانی
پاراستنی سامانی گشتی بەپێی یاساکان.
66 جار خوێندراوەتەوە