عەلی زەیدی: بەمزووانە هاوبەشییەکی ئابووری و سیاسی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ڕادەگەیەنرێت

KNN : Kurdish News Network
11:25 - 09/07/2026
عێراق
+
-

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ دەستێوەردانێک بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوونی نییە و چارەنووسی چەکی گروپە چەکدارەکانیش تەنها بەدەست دەوڵەتەوە دەبێت، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، کۆنگرەیەکی گەورە بۆ سەروەریی نیشتمانی ساز دەکەن و عێراقیش نابێتە گۆڕەپانی ململانێکان.

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئەلحەدەس" ئاماژەی بەوە کرد، هیچ پەیوەندی و دەستێوەردانێکی ناوخۆیی یان دەرەکی نییە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و ڕاگرتنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئاشکراشی کرد کە دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، ناوی چەندین کەسی تێوەگلاوی ئاشکرا کردووە، بەپێی ڕێکارە یاساییەکانیش دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون و ئاراستەی حکومەتی کردووە بۆ جێبەجێکردنی. جەختیشی کردەوە کە تانک لە ئۆپەراسیۆنی "صولة الفجر" (هێرشی بەرەبەیان) بەکارهێنراوە بۆ داخستنی ناوچەی سەوز، هەروەها هیچ بژاردەیەک لەبەردەم تۆمەتبارانی گەندەڵیدا نییە جگە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

 

سەبارەت بە دۆسیەی گروپە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، هەندێک لە گروپە چەکدارەکان پێیان وایە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ناکشێنەوە، بەڵام حکومەت بەرنامەیەک بۆ ڕادەستکردنی چەک ئامادە دەکات و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە دیاریکراوەکەش، چەکی ئەو گروپانە تەنها لەدەستی دەوڵەتدا دەبێت و چالاکییەکانیشیان دەگوازرێتەوە بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ڕاشیگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئامادەکاری دەکەن بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی گەورە بە ناونیشانی "کۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە پرسە ئابووری و دیپلۆماسییەکان کرد و وتی، ناردنی شادەمارەکانی دۆلار پابەندە بەو پێوەرانەی بانکی ناوەندی پەسەندی کردوون و پێداویستییە نەختییەکانی عێراقیش لە سەرەتای هەر ساڵێکدا بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی بانکی و ئەمنی دیاری دەکرێت.

 

 لەسەر ئاستی دەرەوەش ئاشکرای کرد، بەمزووانە هاوبەشییەکی ئابووری و سیاسی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ڕادەگەیەنرێت و هەوڵیش دەدەن لەیەکترتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران دروست بکەن، چونکە عێراق خاڵی بەیەکگەیشتنە نەک گۆڕەپانی ململانێ و ناچێتە ناو هیچ جەمسەرگیرییەکەوە.

 

 لە کۆتاییدا زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، پلانیان هەیە سەردانی ڕیاز بکەن بۆ زیاترکردنی لێکتێگەیشتنەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، دووپاتیشی کردەوە کە عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک ناکشێتەوە.

111 جار خوێندراوەتەوە